دواى كۆبوونهوهى پێشنیوهڕۆى ئهمڕۆ دووشهممه 16-2-2015ى لهگهڵ بهڕێز وهزیرى كارهبا و بهرپرسانى كهرتى كارهبا، بهڕێز نێچیرڤان بارزانى له كۆنگرهیهكى ڕۆژنامهوانیدا، وهڵامى پرسیارى ڕۆژنامهنووسانى دایهوه:
سەرەتا لەبارەی مەبەستی سەردانەكەیان بۆ وەزارەتی كارەبا گوتی: " ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ كاك قوباد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی وەزارەتی كارەبامان كرد لە هەولێر و ئەمەش بۆ دەربڕینی پاڵپشتی و پشتگیریكردن لە وەزارەت و دەستخۆشی و سوپاسكردن لە هەموو كارمەندان و بەڕێوەبەرانی ئەم وەزارەتە بوو كە بە ڕاستی هەوڵی جددی و كاری بەردەوام دەكەن بۆ ئەوەی كێشەكانی كارەبا چارەسەر بكرێت. لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕاگەیاندنەكان بە شێوەیەكی زۆر خراپ هەڵمەتێكی زاڵمانە دەكرایە سەر جەنابی وەزیر و وەزارەتی كارەبا، تەنانهت هێرش دەكرایە سەر حزبەكەشی كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە.
كێشەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان كێشەیەك نییە كە هی ئەمڕۆ بێت؛ بەڵكو كێشەیەكی كۆنە و چەندین ساڵە بەردەوامە و هەوڵ و كۆششی جددیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبووە بۆ ئەوەی ئەم كێشانە چارەسەر بكات. جەنابی وەزیر چەند مانگێكە بووەتە وەزیری كارەبا و لەو ماوەیەی دەستی بەكار كردووە هەموو هەوڵێكی داوە كە ئەم وەزارەتە ڕێكوپێك بكات و كێشەكانی چارەسەر بكات. كێشەی كارەبا پەیوەندی بە وەزیر و یەكگرتووی ئیسلامییەوە نییە؛ بەڵكو كێشەیەكە ئێمە لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرین و دوای ئەوە بەرپرسیاریەتیی ئەو كێشەیە دابەش دەكرێت بۆ سەر وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان.
نابێت وا سەیر بكرێت كە كێشەی چەندین ساڵەی وەزارەتێك لە ماوەیەكی زۆر كورتی وەك شەش مانگ یان چەند مانگێكدا لە لایەن وەزیری سەر بە حزبێكی بەشدار لە حكوومەتدا چارەسەر بكرێت. من پاڵپشتیی خۆم و كاك قوباد بۆ جەنابی وەزیری كارەبا دووپات دەكەمەوە و ئێمە لەگەڵیداین و لەگەڵیشی دەمێنینەوە و دڵنیاین و بڕوای تەواومان هەیە كە نەك تەنها جەنابی وەزیری كارەبا لە یەكگرتووی ئیسلامی؛ بەڵكو وەزیرانی دیكەی سەر بە پارتەكانی دیكەش كە لەگەڵ ئێمە لە حكوومەت كار دەكەن؛ لەو وەزیرانەن كە هەواڵی جددی دەدەن بە شێوەیەكی باش و ڕێكوپێك كارەكانیان بەجێ بگەیەنن".
سەبارەت بەو دەنگۆیەی كە گوایە وەزیری كارەبا دەگۆڕدرێت و ئاشتی هەورامی وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكان وەزارەتەكە بەڕێوە دەبات؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "من دەمەوێت بگەڕێمەوە دواوە؛ لە سەرەتای پێكهێنانی كابینەی حكوومەتهوه ئێمە زۆر جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە برادەرانی یەكگرتووی ئیسلامی وەزارەتی كارەبا وەربگرن و هەر بەهۆی ڕازینەبوونیان وەك حزب و شەخس لەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستە؛ لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەت دواكەوتین، كە ئێمە پێمان وابوو ئەم شێوازە پێویستە. من ئەو كات و ئێستاش دەڵێم بۆ پێكهێنانی حكوومەت و هەروەها یەكگڕەنگیی حكوومەت؛ یەكگرتووی ئیسلامی ئەو كارەی كرد و وەزارەتەكەی وەرگرت و بۆ ئەمەش هەر لێرەوە سوپاسی هەم مامۆستا خۆی و حزبەكەشی دەكەم.
ئێمە ئێستا لێكۆڵینەوە لەسەر وەزارەتی كارەبا دەكەین بۆ ئەوەی دیاری بكەین بە چ شێوەیەك بێت. زۆر ئاساییە و لە زۆرێك لە وڵاتان پرسی وزە لە یەك وەزارەتدا كۆكراوەتەوە؛ بەڵام تا ئێستا ئێمە هیچ بڕیارێكمان لەسەر ئەم بابەتە نەداوە؛ ئێمە لەمبارەوە لەگەڵ هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكان لە گفتوگۆداین؛ بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتاییمان لەمبارەیەوە نەداوە".
سەبارەت بە دابیننەكردنی سووتەمەنی لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە بۆ وێستگەكانی كارەبا، بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "بۆ زانیاریی ئێوە، ساڵانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی زیاتر لە سێ ملیارد دۆلار بۆ كەرتی كارەبا تەرخان دەكات و كەچی كێشەكان بەردەوامن. كێشەیەكی دیكە ئەوەیە كە كلتووری زیاد خەرجكردنی كارەبا لە وڵاتی ئێمە هەیە و بە شێوەیەكی جددیش كلتوورەكە بەردەوامە؛ ئەوەش هۆكارەكەی ئەوەیە كە كرێی كارەبا هەرزانە و پارەكەی لە لایەن حكوومەتەوە دابین دەكرێت؛ ئەمەش هۆكارە كە خەڵك دەست بە خەرجكردنی زیادەی كارەباوە نەگرێت و گڵۆپێك كە پێویستی پێی نییە نایكوژێنێتەوە و لای گرینگ نییە.
سووتەمەنی كێشەیەكی دیكەیە، چونكە ئەمەشیان هەر بە پارە دەكرێت؛ دابینكردنی سێ ملیار دۆلار بۆ كەرتی كارەبا پارەیەكی یەكجار زۆرە، حكوومەت ناتوانێت لەو كارە بەردەوام بێت. هەر بەم هۆیەوەیە كە لەوانەیە لە شوێنێك وێستگەی كارەباش هەبێت؛ بەڵام حكوومەت نەتوانێت سووتەمەنی بۆ دابین بكات. ئێمە كێشەیەكی داراییمان هەیە و دەبێت ئەم پارەیە كەم بكرێتەوە."
سەبارەت بە ڕاگەیەنراوەكەی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بهڕێز حەیدەر عەبادی لەبارەی كۆبوونەوەكانی دوێنێی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا كە پابەندیی خۆی بۆ ڕێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا دووپات كردووەتەوە؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە دوێنی لە بەغدا بووین و گفتوگۆیەكی دوور و درێژمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق بهڕێز حەیدەر عەبادی و شاندی یاوەری ئەنجام دا. بنەمای سەردانەكەمان بۆ بەغدا لەسەر ئەو بوو كە لێكنەگەیشتنێك لەسەر پرسی نەوت هەبوو كە چۆن حسابمان لەگەڵ دەكرێت؛ من پێم وایە لە كۆبوونەوەی دوێنێ ئەمە بە تەواوەتی چارەسەر كرا و ئەوان دڵنیان لەوەی كە ئێمە وەك هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو ڕێككەوتنەین و خشتەمان دایە دەستیان كە ئێمە ڕۆژانە چەند نەوت ڕادەستی بەغدا دەكەین و ئەوان هیچ كێشەیان لەسەر ئەوە نەماوە.
لە بەغدا بە تەواوەتی پیشان درا كە حكوومەتی هەرێم پابەندی ئەو ڕێككەوتنەیە و ئەوەی من بۆ ئەوان پێشنیازم كرد؛ لە جیاتی ئەوەی ئەوان ڕۆژانە چاودێری بكەن كە چەند نەوت دەڕواتە دەرەوە، كە ئەمە لە حساباتی هەموو جیهان شتێكی وا نییە؛ دەتوانن سێ مانگ جارێك سەیری بكەن كە ئایا حكوومەتی هەرێم پابەندی ڕێككەوتنەكەیە یان نا. ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێككەوتنەكە نییە؛ ئەوا لە سەرەتای مانگی چوارەوە دەتوانن دەست بە بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان بكەن. ڕێككەوتنی ئێمە لەگەڵ بەغدا بنەماكەی ئەوەیە كە ئێمە لەسەر بودجە و یاسای بودجە ڕێككەوتووین.
لە یاسای بودجەدا بە ڕوونی ئەوە دەستنیشان كراوە كە ئێمە 250 هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێم و 300 بەرمیل نەوتی عیراق كە دەكاتە 550 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا دەنێرینە دەرەوە و لە بەرامبەردا ئەوان سەدا 17ی بودجەی گشتیی عیراقمان دەدەنێ. كێشەی ئێستای بەغدا ئەوەیە كە پارەی نییە و ئەوان بەپێی یاسای بودجە كار ناكەن بۆ ئەوەی پارە بدەنە هەرێمی كوردستان. بەپێی یاساكەش دەبێت مانگانە ترلیۆنێك و 200 ملیار دینار بدەنە هەرێمی كوردستان. ئێستا ئەوان ئەوەیان داوەتە لایەك و دەڵێن ئێمە مانگانە حساب دەكەین بزانین هەموو داهاتی عێراق چەندە و لەسەر ئەو داهاتە ئێمە بەشی ئێوە دەدەین، ئەمە دوای ئەوەی خەرجی سیادی لێ دەردەكرێت.
بەپێی ئەمەش بێت ئێستا یاسای بودجە هیچ مانایەكی نەماوە، بەپێی ئەو حسابەی كە لەسەر ئەم بنەمایە بۆ هەرێمی كوردستان كردوویانە؛ ئەوان باسی ژمارەیەكی كەم دەكەن لەوەی كە دەینێرن بۆ هەرێمی كوردستان. ئەمە كێشەیەكی داراییە و پەیوەندی بەوەوە نییە ئێمە پابەندی ڕێككەوتنین یان نا؟!. ئێمە پابەندین و بەغداش پیشانی داوە كە پابەندی ڕێككەوتنەكەیە؛ بەڵام كێشەیەكی زۆر گەورە هەیە كە ئەویش ئەوەیە قەیرانێكی گەورەی دارایی ڕووی لە عێراق كردووە كە بێگومان كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە. لە سەدا 95ی بودجەی گشتی عێراق لەسەر داهاتی نەوت دانراوە؛ پێشتر نەرخی یەك بەرمیل نەوت 110 دۆلار بوو؛ بەڵام ئێستا بە 50 تا 55 دۆلار دەفرۆشرێت؛ ئەمەش هۆكارێكە بۆ دروستبوونی ئەو قەیرانە داراییە.
ئەگەر بەغدا ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەكات، ئەوا ئێمەش پێداچوونەوە بۆ ڕێككەوتنەكە دەكەین؛ بەڵام ئێستا كاتیان دەدەینێ بۆ چارەسەر و دەرچوون لە كێشەكانی ئێستا. ئەگەر ئەوان بەردەوام بوون لەسەر پێشێلكردنی ڕێككەوتنەكە؛ ئەوا ئێمەش هەڵوێستی دیكەمان دەبێت. ئەوەش لە یاسای بودجەدا بە ڕاشكاوانە جێگیر كراوە كە ئەگەر ئەوان پارەیان نەنارد، ئەوا ئێمەش نەوت نانێرین و ئەگەر ئێمەش نەوتمان نەنارد، ئەوانیش پارەمان نادەنێ و ئەمە یاسایە و لە بودجەدا بە شێوەیەكی ڕوون جێگیر كراوە. قەیرانێكی قورسی دارایی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە كە بڕواناكەم بە درێژاییی تەمەنی حكوومەت، تووشی قەیرانی وا هاتبێت.
لە لایەكی دیكەشهوه ئێمە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە شەڕداین كە خەرجییەكی زۆری پێویستە. هەروەها زیاتر لە ملیۆنێك و پێنجسهد ههزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستان دەحەوێنینەوە كە ناوخۆیی و دەرەكین، بە شێویەك سەدا 28ی ژمارهى دانیشتوانى هەرێمی كوردستان زیادی كردووە. ئەمەش نزیكەی ملیارێك و شەشسەد ملیۆن دۆلار خەرجیی ساڵانەی حكوومەتی هەرێمی زیاد كردووە، بۆیە باری هەرێمی كوردستان یەكجار قورس بووە. لە خەرجییەكانی سێكتەری كارەبا تەنیا لە شاری دهۆك زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار زیادی كردووە.
لەگەڵ ئەمەشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پیشەسازیی نەوتی خۆی بەردەوام دەبێت و چارەسەر بۆ ئەو قەیرانانە دەدۆزێتەوە. ئەولەویەتی كاری ئێمە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و دابینكردنی خەرجییەكانی شەڕی دژی داعشە كە بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپێندراوە.
دهربارهى ناردنی مووچەی هەندێك ناوچەی ژێر دەستی داعش لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە؛ سەرۆك وەزیران گوتی: "ئەمە پرسیارێكە دەبێت لە عەبادی خۆی بكرێت و ئێمەش هەمان پرسیارمان لێی هەیە".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەشدا گەر بەغدا پارە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرێت؛ هەرێم چۆن مووچەی كارمەندانی دەدات؟؛ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "ئەوەی بەغدا ئێستا دەینێرێت زۆر زۆر كەمترە لەوەی كە ئێمە بتوانین بودجەشی پێ دابین بكەین. ساڵی 2014 ئێمە قەرزمان كردووە لە كۆمپانیاكان بۆ دابینكردنی مووچەی كارمەندان و لەبەرامبەر ئەمەش نەوتیان دەدەینێ و توانیمان تا رادەیەكی زۆر ئەو كارە بكەین".
سەبارەت بە دابینكردنی مووچەی مانگی دوازدەی ساڵی 2014، سەرۆكی وەزیران ئاشكرای كرد كە دابەشكردنی مووچەی مانگی 12 دەستی پێكردووە؛ بەڵام تەواو نەبووە. حكوومەت هەموو هەوڵێك دەدات مووچەكانی سەرەتای ئەمساڵیش دابەش بكات و گوتی: "مووچەخۆرانی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە مووچەكانیان نافەوتێت، لەوانەیە دوابكەوێت. بەغداش نەیتوانیووە مووچەكانی بدات و بڕیاریان داوە 40 ڕۆژ جارێك مووچە بدەن".
لەبارەی دەنگۆی ئەوەی هەندێك كۆمپانیای نەوت كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان ڕاگرتووە؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئەم دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە و گوتی: "تا ئێستا هیچ كۆمپانیایەكی نەوتی، ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن كارەكانی خۆیان هەڵنەپەساردووە و لەسەر كارەكانیان بەردەوامن".
لەبارەی ئەو خۆپیشاندانانەی لە لایەن فەرمانبەرانەوە لەسەر دواكەوتنی مووچە ئەنجام دەدرێن؛ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "من ڕێزم هەیە بۆیان و ئەوە مافی خۆیانە و ئەوان لەسەر حەقن؛ بەڵام باشتر وایە لە دۆخەكە تێبگەن، چونكە قورساییەكی زۆری دارایی كەوتووەتە سەر شانی حكوومهت، ئەم مەسەلەیە بە خۆپیشاندان چارەسەر ناكرێت؛ بەڵكو بە یەكگرتوویی و یەكڕیزیی ئێمە چارەسەر دەكرێت. ئایا حكوومەتی هەرێم پارەی لەبەردەستە بەڵام نایدات؛ كە وانییە؟ گرنگ ئەوەیە ئەوان لەوە تێبگەن كە حكوومەتی هەرێم پابەندی ئەوەیە مووچەكانیان دابین بكات بێ ئەوەی بفەوتێت."
لەبارەی ئەوەی كە ئایا بۆچی هەر شاندی هەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا و شاندی بەغدا بۆ گفتوگۆ نایەتە هەرێمی كوردستان؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە هەموومان لە وڵاتێكداین كە عیراقە و بەپێی دەستوور بەشێكین لە عیراق و لە دوو وڵاتدا نین!. ئێمە ئامادەین وەك هەرێمی كوردستان دە جاریش بچینە بەغدا؛ لەم سەردانەماندا سەرۆك وەزیرانی عیراقمان داوەت كردووە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و قبووڵی كردووە و پێشتریش وەزیری نەوت و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەولێریان كردووە. ئێمە ئەو سەردانانەی نێوان هەرێم و بەغدا ناكەین بەكێشە".
سەبارەت بە بەشداریكردنی هێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ وەك لە لێدوانەكەی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا هاتووە؛ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "ئێمە بە شێوەیەكی گشتی باسی بارودۆخی شاری مووسڵمان لە كۆبوونەوەكانی بەغدا كردووە؛ بەڵام ئەگەر بڵێی پلانێكی ئامادەكراومان بینیبێت، یان قسەمان لەسەر ئەوە كردبێت كە ئازادكردنی مووسڵ چۆن دەبێت؛ شتی وا نەبووە!. پێشتریش گوتوومانە پرسی مووسڵ هەستیارە و نامانەوێت لە مووسڵ وای لێ بێت ببێتە شەڕی عەرەب و كورد. ئێمە خۆمان لەو شتانە دوور دەگرین و تا ئێستاش پلانێكی وا نییە كە ئێمە بتوانین بیروبۆچوونی خۆمانی لەسەر بدەین".
سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ ئازادكردنی ئەو پێشمەرگە دیلانەی لە دەستی داعشدان؛ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "بێگومان هەوڵ هەیە بۆ ئازادكردنی ئەو دیلانە؛ بەڵام ناكرێت ئێمە لە ڕاگەیاندندا باسی لەسەر بكەین؛ چونكە هەر قسەكردنێك لە ڕاگەیاندن لەسەر ئەم بابەتە كێشەیەكی دیكەمان بۆ دروست دەكات و حكوومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم بە شێوەیەكی جددی كار لەسەر ئەم پرسە دەكەن".
لاى خۆیهوه بهڕێز قوباد تاڵهبانى جێگرى سهرۆك وهزیران ههر له كۆنگره ڕۆژنامهوانییهكهدا لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی یەك و دووی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە، گوتی: "پێشتر كاك نێچیرڤان وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە و ئێمە پابەندین بە ڕێككەوتنەكە و گرنگی پێ دەدەین؛ بەڵام كێشەی دارایی ڕووی لە هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كردووە. بەغدا بڕیاری داوە بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت بۆ مانگی یەك؛ بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا نییە و تەنیا مووچەش پڕ ناكاتەوە، بۆیە دەبێت ئێمە زیاتر لێكۆڵینەوە و گفتوگۆ بكەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن چارەسەری ئەم كێشەیە بكەین".
بهڕێز جێگرى سهرۆك وهزیران ڕەتیشی كردەوە كە بڕیار درابێت كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی نەوت و غاز لەم نزیكانە لەبارەی دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی ئەنجام بدرێت هەروەك لە میدیاكان بڵاو كراوەتەوە؛ بەڵام ئاماژەی بەوە كرد گەر پێویست بێت كۆبوونەوە لەوبارەوە دەكەن.
له كۆتاییدا بهڕێز وەزیری كارەبا لەبارەی داواكارییەكانیانهوه بۆ سەرۆكی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبا ئاماژەی بەوە كرد كە بەڕێز سەرۆك وەزیران بەڵێنی داوە پشتیوانیی زیاتر بۆ وەزارەتی كارەبا دابین بكات بەمەبەستی ئەوەی خزمەتگوزاریی كارەبا بە شێوەیەكی باشتر پێشكەش بە هاووڵاتیان بكرێت.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد